هاندانی یەکخستنەوە لە کامپی ئەلهۆلەوە بۆ سەڵاحەدین و ناوچەی پشتێنەی بەغدا لە عێراقدا

2022 September 28

وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان عێراق 2022.

لە پاش شکستی رێكخروای داعش، هەوڵی بەردەوام پێویستە بۆ چارەسەرکردنی كێشەی ئاوارەبوونی درێژخایەنی خێزانەکان لە سەرتاسەری عێراقدا. حکومەتی عێراق بە پشتیوانیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ پشتگیریکردن لە گەڕانەوەی سەلامەت ویەکخستنەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان، لەنێویاندا ئەو خێزانانەی والێیان دەڕوانرێت کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.

بۆ پشتگیریی لە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئاوارەیی درێژخایەن لە ڕێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەرەوە وبەمەبەستی پێشكەشكردنی ئاسانكاریی و گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەكات بۆ پشتگیریکردن لە گەڕانەوە و یەکخستنەوەی خێزانەكان، كە لە نێویان ئەو خێزانە ئاوارە عێراقییانەی والێیان دەڕوانرێت کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، لەوانە ئەوانەی لە کەمپی ئەلهۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەگەڕێنەوە.

 

لە 27ی ئاب 2022، زیاتر لە 65 بەشداربوو، لەوانەش سەرکردەکانی کۆمەڵگا و سەرۆك هۆزەکان ودەسەڵاتدارانی ناوخۆیی لە سەڵاحەدین و ناوچەی دەوروبەری پشتێنەی بەغدا، بەشدارییان لە وۆرک شۆپێکدا کرد کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان وڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە ڕێکخرابوو، بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی. نوێنەرانی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران ودەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکانی دیکەش بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد کە لە هەولێر ئەنجامدرا. ئامانجی وۆرک شۆپەکە پەرەپێدانی تێگەیشتن وبەهێزکردنی ئامادەیی جڤاکیی بوو لە نێوان سەرکردە ناوخۆییەکاندا بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئاوارە عێراقییەکان لەو جڤاکانەوە کە زێدی خۆیان بووە. وۆرک شۆپەکانی پێشوو بۆ هاندانی هاوشێوە بووە لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوادا.

لە میانی وۆرک شۆپەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پەسەندکردنی جڤاکیی بۆ ئاسانکردنی گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەکان کە ئێستا لە کەمپی ئەلهۆلن بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیان ویەکخستنەوەیان لەو ناوچانەدا کە دەکەونە پارێزگای سەڵاحەدین وناوچەی پشتێنەی بەغدا. ئەمەش ئەرکێکی گرنگی سەرکردە جڤاکییەکان وحکومەتی ناوخۆیی لەخۆدەگرێت کە بریتییە لە ڕابەڕایەتییکردن لە پشتگیرییکردن و هاندانی یەکخستنەوەی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە، بە پشتیوانی لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوە.

 

نادیە ئەلعەواملە، سەرۆکی تیمی بەرنامەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق گوتی: "بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق، رێبازی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق جەخت دەكاتە سەر  دڵنیابوون لە ئامادەی جڤاکیی بۆ یەکخستنەوە و دروستكردنى زەمینەسازى كۆمەڵایەتی بۆ ئاوارەكان بۆ ئەوەی بەشێوەكی گشتگیر و بەردەوام بگەرێنەوە شوێنەكانی خۆیان". هەروەها گوتی:" لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم دیدارانە وفراوان بوونیان بۆ پارێزگاکانی تری عێراق، هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ چارەسەری درێژخایەن بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی دیدگایەك بۆ ئاشتبوونەوە و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە عێراقدا".

ڕۆبەرت ناتیلۆ، سەرۆکی بەشی بنیاتنانی ئاشتیی و سەقامگیرکردن لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق گوتی: "دیاریکردنی چارەسەرە درێژخایەنەکان بۆ عێراقییە ئاوارەکان، لەوانە ئەوانەی والێیان دەڕوانرێت کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، زۆر گرنگە و پێویستی بە پشتیوانی جڤاکەکان دەبێت لە ناوچەکانی زێدی خۆیان یان ناوچەکانی نیشتەجێکردنەوە". و هەروەها گوتی: " ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی جڤاکەکان و دەسەڵاتە خۆجێیەکان لەچارەسەرکردنی گرژیی و ئاڵۆزییە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکان و بەربەستەکان لە سەر ئاستی جڤاکەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان".

هاوکات بەڕێز سەعید ئەلجیاشیی، ڕاوێژکاری ستراتیژی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی گوتی:" ئەم کۆبوونەوەیە نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای لەخۆگرتبوو لەوانە شێخەکانی هۆزەکان وکەسایەتییە پایەدارەکان ولایەنە گرنگەکانی سەڵاحەدین و ناوچەی بەغدا. كە گەڕانەوەی ژنان ومنداڵان لە کەمپی ئەلهۆلەوە بۆ سەنتەری یەكی چاکسازی جەدعە و سەرەنجام بۆ جڤاکەکانیان باسکرا، لەنێویاندا نیگەرانی ئەندامانی جڤاکەکە، و ئەم ئاستە لە هەماهەنگی و دیدارە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت".

وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان عێراق 2022.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لە ساڵی 2020 دا بەرنامەی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی بەگەڕخست كە ماوەكەی پێنج ساڵە بۆ برەودان بە كۆمەڵگایەكی بەهێزتر و ئاشتیخوازتر وگشتگیرتر لە هەموو عێراقدا. پڕۆژەی ئاشتبوونەوە و یەکخستنەوەی پەیوەست بە جڤاکە ناوخۆییەکان پشتگیریی دەکات لە ئامادەیی جڤاکی و گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئەو خێزانانەی وا لێیان دەڕوانرێت کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، کە زۆرجار لە نێوان هەرە پەراوێزخراوترین و دۆخناسکترینەکاندان لەگەڵ پشتگیرییکردن لە خێزانە میواندارەکان لە ناوچەکانی گەڕانەوەدا.